دڵم لە خەیاڵی خۆیدا
بە قەباری خۆشەویستی خۆی
ئاسمانی گەشی فڕینی تۆیە!
تۆ تیڤۆکە بچووکێکی
چەتوون و جوان
لەم چڵ بۆ ئەو چڵ ،
لەم پەڕ بۆ ئەو پەڕی کۆڵانەکان ،
نە ماڵێک و نە دووان ،
نە شەقامێک و نە سەربانێک ،
نە بەر دەلاقە و پاساری
هیچ ماڵێکی ناو سینگم ماوە
کە بۆ چرکەیەکیش
ئۆقرەت نەگرتوو بێت تێ دا ؛
وەها تێکەڵی
بە کۆڵان بە کۆڵان و
بست بە بست و
هەنگاو بە هەنگاو لەشم ،
کە دەڵەی هیچ
تیڤۆکێکی تر
جگەلە تۆ
وەها وردیلە و بەناز ،
وەها ناسک و خانم
لەم دوونیایە نیە!
و
دڵم لە خەیاڵی خۆیدا
بە قەباری خۆشەویستی خۆی
ئاسمانی گەشی فڕینی تۆیە!
بەڵام باران ،
لە خیالیشدا
نا هێڵێت چاوی جوانت
بە گەشی ئاسمانی دڵم کەوێت!
زانا سەعیدزادە / سەقز نیوەشەوی 1396/06/17 کۆچی هەتاوی
برچسب: باران,
نویسنده: پرهام اسدیان